” کوردستان ” لەناو پەرلەمانی تورکیا هەرا دەنێتەوە |

logo

” کوردستان ” لەناو پەرلەمانی تورکیا هەرا دەنێتەوە

دەستەواژەی (شارەکانی کوردستان) لەناو پەرلەمانی تورکیا هەرا دەنێتەوە و گفتوگۆیەکی توند لەنێوان پەرلەمانتارانی هەدەپە و ئاک پارتیدا دروست دەکات.

دوای ئەوەی پەرلەمانتاری هەدەپە سەباحەت تونجەل گوتەیەكی لەناو پەرلەمان پێشكەش كرد و تێیدا دەستەواژەی (شارەكانی كوردستان)ی بۆ هەریەك لە ماردین و دیاربەكر و بیسمیل بەكارهێنا، ئەمە بووە هۆی توڕەكردنی زۆرێك لە پەرلەمانتارانی توركیا.

تونجەل لەسەر پرسی بە قاچاخ بردنی كارەبا گوتی: “دوای ئەوەی كە پرسی كارەبا درایە كەرتی تایبەت، لە شارەكانی كوردستان، لە دیاربەكر و ماردین و بیسمیل، خەڵك و جوتیار، تووشی نارەحەتی و زەحمەتێكی زۆر بوون، بەتایبەت كاتێك وەزیری وزە و دەرامەتی سروشتی دەڵێت كورد پارەی كارەبا نادەن یان دەڵێت بە قاچاخ كارەبا دەبەن، ئەمە دەستەواژەیەكی رەگەزپەرستانە و جیاكاریە، میللەت بەرە و هەڵدێر و لێكترازان دەبات، خەلك هەژار دەبێت،  ئێوەیش دێن كەرتی كارەبا دەدەن بەكەرتی تایبەت و خەڵك بەجێ دێڵن بۆ ویژدانی كەرتی تایبەت. خەڵك بەهۆی ئەوەی كە كارەبا بە قاچاخ دەبات، بەتۆمەتی دزیكردن، دادگایی دەكرێت، ئەوەی دەوڵەت لەسەرێتی و پێویستە بیكات، ئەوەیە كە دەبێت مافی ئەو كەسانە بپارێزێت.

لەدوای گوتەكانی تونجەل سەرۆكی فراكسیۆنی ئاك پارتی ناجی بۆستانجی وەڵامی تونجەلی دایەوە و رایگەیاند كە تونجەل دەستەواژەی (شارەكانی كوردستان)ی بەكارهێناوە و گوتی: “ئەگەر بەو لۆجیكە سەیری بكەین، بەهەندێك شوێن بڵێین شارەكانی كوردستان، ئەی ئەوانەی تر كوێن ؟ ئایا ئەوانەش دەبنە شارەكانی توركستان ؟ كۆماری توركیا تەنیا چەند شارێكی هەیە، وابزانم هەدەپەیش هیچ ناڕەزاییەكی نییە بەرامبەر بە دەوڵەتی كۆماری توركیا، چونكە ناوبەناو ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئەوانیش وابەستەی بەها هاوبەشەكانن، بوونی كوردەكان لەتوركیا، پرسێكی جیاوازە، بەگوتنی دەستەواژەی ( شارەكانی كوردستان)  دەشێت هەندێك كەس بەرەو توندوتیژی هان بدرێت، تكا دەكەم با ئاگامان لەم خاڵە بێت”.

لە دوای ئەم گوتانە، تونجەل سەرلەنوێ جارێكی دیكە داوای مۆڵەتی كردەوە كە بتوانێت وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی ئاك پارتی بداتەوە.

تونجەل ئاماژەی بەوەدا كە زۆر جار بابەتی دەستەواژەی كوردستانیان مشتومڕ كردووە و رایگەیاند، “جگە لەوەی كە مەبەست لە جیاكارییەك نییە بەناوی شارەكانی توركیا و شارەكانی كوردستان، بەڵام ئەوە بۆ ناوچەیەكی جوگرافی بەكاردێت، منیش وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر بە گوتەكانی وەزیر كە گووتوویەتی “كوردەكان”، ئەو دەستەواژەیەم بەكارهێناوە. لەكاتی قسەكانی تونجەلدا پەرلەمانتاری كورد لە فراكسیۆنی ئاك پارتی محەمەد مەتینەر وەڵامی تونجەلی دایەوە و گوتی: “چ كاتێك وەزیر دەستەواژەی كوردەكانی بەكارهێناوە لەبەرامبەر بە قاچاخ بردنی كارەبادا، شتی وانییە و درۆ دەكەی، وەزیر هیچ كاتێك ئەو دەستەواژەیەی بەكارنەهێناوە”.

دواتر تونجەل وەڵامی مەتینەری دایەوە و رایگەیاند دیارە كە كێ درۆ دەكات و ئەوەی كە باس لە درۆ دەكات، با كەمێك سەیری رابردووی خۆی بكات.

مشتومڕەی نێوان تونجەل و مەتینەر بەردەوامی هەبوو و تونجەل رایگەیاند “هەرگیز ئەوانە قازانج ناكەن كە ناپاكی بەرامبەر بە گەلی خۆیان دەكەن”. ئەمیش وەك ئاماژەیەك بۆ محەمەد مەتینەر پەرلەمانتاری ئاك پارتی كە كوردێكی ناو ئەو پارتەیە.

لەدوای مشتومڕەكان، سەرۆكی دانیشتنی پەرلەمان، عائیشە نور باهچەكاپلی رایگەیاند “لەناو ٧٨٠ هەزار كیلۆمەتر لەتوركیادا، هەمووی بەشێكن لە نیشتیمان و ناوی كۆماری توركیایە ، لەناو ئەم نیشتیمانەشدا ٨١ پارێزگا هەیە هەمووی سەر بە كۆماری توركیایە”

Share

#

سەرنجەكان پێش بڵاوكردنەوە وردبینی ئەكرێن بۆیە تكایە ووشەی نەشیاو بەكارمەهێنە ..


Free Web Hosting